بەغدا لەبارەی راگرتنی ناردنی نەوت و غاز بۆ هەرێم روونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
10:20 - 24/11/2026
عێراق
+
-

دابینکردنی غاز و نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و هیچ بڕیارێک بۆ ڕاگرتنیان نییە. کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، دەنگۆی بڕینی سووتەمەنیی ماڵانی لە هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە.

 

کۆمپانیاکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە نووسراوی ژمارە (22474) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، ئاشکرای کرد بڕیاری ڕاگرتنەکە بە هیچ شێوەیەک کارگەکانی غاز و ئەو نەوتی سپییە ناگرێتەوە کە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراون.

 

سەبارەت بە کەرتی پیشەسازی، کۆمپانیاکە ڕوونی کردەوە پشکی ئەو کارگە و کۆمپانیا پیشەسازییانەی بڕیاری دواخستنی کاتی دەیانگرێتەوە، ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی پشتگیریی فەرمی لە فەرمانگەی گەشەپێدانی پیشەسازیی وەزارەتی پیشەسازی دەهێنن.

 

بەپێی مەرجەکانی کۆمپانیاکە، دەبێت ئەو پشتگیرییە ڕاستی و دروستیی مۆڵەتی دامەزراندن، بەردەوامیی کارکردن و بەکارهێنانی سووتەمەنییەکە وەک ماددەی سەرەتایی گونجاو لەگەڵ بەرهەمەکانیان بسەلمێنێت. لە کۆتاییشدا کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە وەزارەتی نەوت پەرۆشە بۆ دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

44 جار خوێندراوەتەوە