سەرۆکی حکومەتی
هەرێمی کوردستان هۆشداری لە مەترسییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان
دەدات و ئەو هەنگاوە لەم کاتەدا بە کارێکی "شەرمەزارکەر" ناودەبات کە
هەمان هەڵەی ساڵی 2011ـی سەرهەڵدانی داعش دووبارە دەکاتەوە، هاوکات بەغدا بەوە
تۆمەتبار دەکات کە ڕێگری لە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکات و بەئەنقەست
هەرێم لەبەردەم هێرشەکاندا لاواز دەکات.
لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (فینانشیاڵ تایمز)، مەسرور بارزانی سەبارەت بە
هێرشی درۆن و موشەکەکان ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هیچ سیستەمێکی بەرگریی
ئاسمانیی نییە و ناتوانێت بیانکڕێت، چونکە دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە لە
بەغدا بکڕدرێن. دەشڵێت: "کاتێک ڕێگریمان لێ دەکرێت لە کڕینی چەکی پێویست بۆ
بەرپەرچدانەوەی ئەو موشەک و درۆنانە، بێگومان بەئەنقەست دەکرێینە ئامانج و لاواز
دەکرێین".
سەرۆکی حکومەت
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق بە کارێکی "شەرمەزارکەر"
ناوبردووە، چونکە پێی وایە بڕیارەکە لە کاتێکی زۆر ناسک و پڕ لە پشێوی و دڵەڕاوکێی
ئەمنیی ناوچەکەدا دێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ناجێگیریی دۆخەکە و ڕەتکردنەوەی
چەکدانان لەلایەن میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە، مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم
و سیستەمی فیدراڵیی عێراق دروست دەکات. جەختیشی کردووەتەوە، تاوەکو ململانێی
ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت، هەرێم لەژێر هەڕەشەدا دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
ڕایگەیاندووە: "ئێمە هاوپەیمانی ئەمریکاین و شانازی بەو هاوپەیمانێتییەوە
دەکەین".
لە کاتێکدا
بەهۆی هێرشی میلیشیاکانەوە ئەمریکا کارمەندە ناپێویستەکانی لە کونسوڵخانە نوێیەکەی
لە هەولێر کشاندووەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت لەگەڵ ئاساییبوونەوەی
دۆخی ئەمنیدا دەگەڕێنەوە، تۆبی دۆدج، شارەزای کاروباری عێراق لە زانکۆی ئابووریی
لەندەن پێی وایە، کەمبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا بژاردەیەکی کەم لەبەردەم بارزانی
جێدەهێڵێت و ناچاری دەکات خۆی لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت.
سەبارەت بە
پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم بە بیانووی بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی
ڕۆژهەڵات و پشتیوانیکردنیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، مەسرور بارزانی ئەو
تۆمەتانە بە "زیادەڕەوی" ناودەبات و دەڵێت: "لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ
ئێران زۆر ڕوون بووین کە ئێمە مەترسی نین بۆ سەر ئەوان، بەڵام ئەوان هەمیشە باسی
بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکەن لە هەرێم".
لە بەشێکی
دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کراوە لە دوای
ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 و لەدەستدانی کەرکوک، لەگەڵ پشتبەستنی تەواوەتیی هەرێم بە
بەشە بودجەی بەغدا. لەسەر ئاستی ناوخۆش، ئاماژە بە چەقبەستوویی پێکهێنانی حکومەت
دراوە بەهۆی ململانێ و بێمتمانەیی نێوان هەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستانەوە.
لە کۆتاییدا
بارزانی هۆشداری دەدات ئەگەر دۆخی ئەمنی تێکبچێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەبێت
بگەڕێتەوە بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە، وتیشی: "بەڵام ئەوان دەتوانن ئێستا ئەوە
بکەن، بەبێ ئەوەی چاوەڕێ بکەن دۆخەکە خراپتر بێت".
232 جار خوێندراوەتەوە