ئاژانسی
نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەپەلە داوا دەکات ڕێگە بدرێت پشکنین بۆ دامەزراوە
ئەتۆمییەکانی ئێران بکرێت و هۆشداری دەدات لەوەی نەبوونی زانیاری و ڕێگریکردن لە
پشکنەرەکان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی زیاتر کردووە.
لە ڕاپۆرتێکی
نوێی چارەکە ساڵی ئاژانسەکەدا کە دەست میدیاکان کەوتووە، بەتایبەتی نیگەرانی
لەبارەی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەسفەهانەوە دەربڕراوە کە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و
ئیسرائیلەوە کرابووە ئامانج. ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، جەخت
دەکاتەوە کە چارەسەری ئەم قەیرانە تەنها لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیی
درێژخایەن و باوەڕپێکراوەوە دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن ڕایگەیاندبوو
ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، پاڵنەری سەرەکیی
جەنگەکەی مانگی ئازار بووە، بەڵام ئێران ئاراستەی ململانێیەکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی
گەرووی ستراتیژیی هورمز گۆڕی.
لە بەرامبەردا
محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت، ئاژانسەکە ناتوانێت
پشکنین بۆ ئەو دامەزراوانە بکات کە ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی بوونەتەوە تا ئەو
کاتەی پێوەر و پرۆتۆکۆڵێکی تایبەتیان بۆ دادەنرێت. سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان پەکخستووە،
بەڵام چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە هێشتا نادیارە و ئاستی پیتاندنەکەشی،
گەرچی نەگەیشتووەتە قۆناغی دروستکردنی چەک، بەڵام زۆر لە پێداویستییە مەدەنییەکان
زیاترە.
381 جار خوێندراوەتەوە