سکاڵای یاسایی لە دژی هادی عامری جوڵێندرا

KNN : Kurdish News Network
05:28 - 02/09/2026
عێراق
+
-

دوای لێدوانەکانی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە تێیدا خۆپیشاندانەکانی تشرینی بە "ئاژاوە" ناوبردبوو و ڕایگەیاندبوو گرووپە چەکدارەکان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزەرێک لە پارێزگای واسیت سکاڵایەکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکی داواکاری گشتی کرد بۆ جوڵاندنی دۆسیەیەکی یاسایی دژی ناوبراو، هاوکات کاردانەوەی توندی سیاسی و مافپەروەریی لێ کەوتەوە.

 

پارێزەر حازم مازن بەدری، لە سکاڵاکەیدا کە پشتبەستە بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەی هادی عامری، داوای کردووە لێکۆڵینەوەی دادوەری بکرێت لەسەر سروشتی ئەو کارانەی کە ئەوانەی بە "موقاوەمە" ناودەبرێن ئەنجامیان داوە. لە سکاڵاکەدا هاتووە، پێویستە ڕوون بکرێتەوە ئایا ئەو لایەنانە تێوەگلاون لە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران یان نا. هەروەها داوا کراوە عامری بانگهێشت بکرێت بۆ وەرگرتنی وتەکانی و دیاریکردنی ئەو کەسانەی فەرمانیان دەرکردووە یان بەشداریی مەیدانییان کردووە لەو ڕووداوانەدا، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

 

هاوکات، بزووتنەوەی (سەندنەوەی مافە دیموکراتیەکان) لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی ئەو لێدوانانەی کرد و ڕایگەیاند، تشرین دەنگێکی ڕاستگۆیانە بوو بۆ خواستەکانی گەلی عێراق بەرەو چاکسازی، گەنجەکانیش خوێنی خۆیان لەپێناو ئازادیدا بەخشی، پرسیاریش دەکات لەسەر ئەو لایەنانەی کە خۆپیشاندەرانیان کردە ئامانج.

 

لەلایەکی دیکەوە، عەلی عەبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی جدی و شەفاف لە ڕووداوەکانی تشرین بکەن بەپێی ئەو دانپێدانانەی عامری. هەروەها داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد چاودێریی دۆسیەکە بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دەربازبوونی تێوەگلاوان لە سزای تاوانەکانیان.

115 جار خوێندراوەتەوە