قاڵیباف: دانوستان رەتناکەینەوە و دەستبەرداری خەبات دژی ئەمریکا و ئیسرائیلیش نابین

KNN : Kurdish News Network
04:15 - 02/09/2026
جیهان
+
-

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئێران و بەرەی مقاوەمە لە یەک ڕێڕەوی جەوهەریدان دژی "داگیرکەری و زۆرداری"، هاوکات مەرجی کردنەوەی گەرووی هورمزیشی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا بەستەوە.

 

قالیباف وتیشی: "ئێمە دانوستان ڕەتناکەینەوە، بەڵکو دانوستان ئامرازێکە بۆ خەبات. ئەگەر ڕۆژێک دەستبەرداری خەبات بین دژی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنیستی بە هەموو شێوازەکانییەوە، ئەوا ئەو ڕۆژە ڕۆژی شکستمانە."

 

سەبارەت بە لێکتێگەیشتنەکان، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوونیکردەوە کە لە ماددەی یەکی لێکتێگەیشتنەکەدا جەختیان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە بەرەی مقاوەمە کردووەتەوە، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر لە دەقی پێشنیازە 15 ماددەییەکەیدا، داوای وەستاندنی تەواوەتی چالاکییە موشەکی، ئەتۆمی و خۆڕاگرییەکانی دەکرد.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، قالیباف جەختی لە پاراستنی بەرەی مقاوەمە کردەوە و ڕایگەیاند کە تەنانەت ئەو حکومەتانەی ناوچەکەش کە سەرسامی ئەمریکان، ئێستا دان بەوەدا دەنێن کە واشنتن هۆکاری دروستبوونی ناسەقامگیرییە. لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە جێبەجێنەکردنی بڕگەكانی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لەلایەن ئەمریکاوە، هۆشداریدا و وتی: "پێویستە ئەمریکییەکان پابەندبن بە بەڵێنەکانیانەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش هەنگاو بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بنێین."

100 جار خوێندراوەتەوە