ترەمپ: ئێران وەڵامی هێرشەکانمان بداتەوە بەشێوەی بەهێزتر لێی دەدەینەوە

KNN : Kurdish News Network
08:38 - 01/09/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ  سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی گەورە و بەهێز دەکاتە سەر ئامانجەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەوڵەکانی تاران بۆ دانانی مین لە گەرووەکە و هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن.

 

لە بەیاننامەیەکدا ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان وەڵامێکن بۆ هەوڵە شکستخواردووەکانی ئێران بۆ چاندنی مینی دەریایی لە گەرووی هورمز، کە لە ئێستادا سەرجەمیان پووچەڵکراونەتەوە یان تەقێندراونەتەوە و هیچ مینێک لە گەرووەکەدا نەماوە. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە هێرشەکان کاردانەوەن بەرامبەر بە هەڵدانی هەشت مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن، کە سەرجەمیان بە سەرکەوتوویی خراونەتە خوارەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی داوەتە تاران و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر نەتەوەی شکستخواردووی ئێران وەڵامی ئەم هێرشە ڕەوایە بداتەوە، ئەوا بە ئاستێکی زۆر قورستر و بەرزتر لێیان دەدرێتەوە". جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەوە گەورەترین هێرشی ئەوان نابێت، بەڵکو هێرشی گەورەتر ئامادەیە و کاتێک کۆتایی دێت، "زۆر کەم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێنێتەوە".

239 جار خوێندراوەتەوە