عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگیی پیشەسازیی کرد و چەندین بڕیاری گرنگی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازیی نیشتمانی دەرکرد، لەوانە تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکان و قەدەغەکردنی هەناردەی چەندین جۆر کانزا و سکراپ
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی بوژاندنەوەی پیشەسازیی نیشتمانی کردەوە وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی وڵات. ئاماژەی بەوەش کرد، بەدەستهێنانی ناسنامەی پیشەسازیی عێراق پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی بەدواداچوونی (ئەسیکۆدا) هەیە. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد گرنگی بە کەرەستە خاوە ناوخۆییەکان بدەن، بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێکردن
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، عەلی فالح زەیدی سەرجەم پارێزگاکانی ڕاسپارد کە ڕووبەری (1000) دۆنم زەوی ئامادە و تەرخان بکەن بۆ ئەو پڕۆژە پیشەسازییانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە کاندید دەکرێن. هاوکات، ئەنجومەنی هەماهەنگیی پیشەسازی بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەرەستەی خاوی کانزاکانی مس، ئەلەمنیۆم، قورقوشم، و ئاسن و داڕشتەکانیان، بە هەموو جۆر و سکراپەکانیانەوە.
450 جار خوێندراوەتەوە