بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی 21 ساڵەوە؛ وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەولێر دادەخات

KNN : Kurdish News Network
05:53 - 02/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داخستنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی لە شاری هەولێر و ڕەوانەکردنی بەرپرسانی بۆ دادگا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی سەرپێچیی و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی نایاساییەوە، کچێکی تەمەن 21 ساڵ گیانی لەدەستدا.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکرد، دوابەدوای گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە، تیمەکانیان بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەکە کردووە و دەرکەوتووە کە پزیشکی نەشتەرگەر لە لیستی ڕێگەپێدراوانی وەزارەتدا نەبووە و هیچ مۆڵەتێکی کارکردنی لەو شوێنەدا نەبووە. هاوکات نەشتەرگەرییەکە بەبێ بوونی بەشی فریاکەوتن و هۆڵی چاودێریی چڕ ئەنجام دراوە.

 

وەزارەتی تەندروستی وردەکارییەکی مەترسیداری ڕووداوەکەی ئاشکرا کردووە و ڕوونیکردووەتەوە، هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە بە فەرمی داخراون بەهۆی نەبوونی سەلامەتی و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان، بەڵام پزیشکی نەشتەرگەر، پزیشکی سڕکار و ئیدارەی نەخۆشخانەکە بە ڕێگایەکی نافەرمی و نایاسایی چوونەتە ژوورەوە و نەشتەرگەرییەکەیان کردووە، کە لە کۆتاییدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە.

 

لەسەر بنەمای یاسای مافی نەخۆش و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە داخستنی یەکجارەکیی نەخۆشخانەکە و ڕەوانەکردنی سەرپێچیکاران بۆ دادگا بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی. وەزارەتەکە هۆشداریش دەداتە سەرجەم نەخۆشخانە، سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییە تایبەتەکان کە دەبێت بەپێی مۆڵەتی فەرمی کار بکەن و ستافەکانیان لە لیستی ڕێگەپێدراودا بن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

368 جار خوێندراوەتەوە