هەوڵێک بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزم دەخرێتەگەڕ

KNN : Kurdish News Network
08:53 - 30/08/2026
ئابوری
+
-

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایان کرد، هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزم لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەوەش لە ڕێگەی پێشنیازێکی وەزارەتی داراییەوە تا ئەو کاتەی ئەو گرفتە یاساییانە چارەسەر دەکرێن کە ڕێگرن لە تێپەڕاندنی یاسای خشتەی مووچە بە شێوازەکەی ئێستای.

 

محەمەد حسێن ئەبو ئەلعیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەپێی ئەوەی لەلایەن هەردوو حکومەتی پێشوو و ئێستاوە خراوەتە ڕوو، یاسای خشتەی مووچە لەگەڵ زیاتر لە (٣٤) ماددەی یاساییدا یەکناگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە تێپەڕاندنی یاساکە پێویستی بە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک گرفتی یاسایی هەبێت پێش ئەوەی بە یەکجاری پەسەند بکرێت."

 

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری دارایی پێشنیازێکی خستووەتەڕوو بۆ هەموارکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزم، وەک چارەسەرێکی کاتی تا ئەو کاتەی ئەو ماددە یاساییانە چارەسەر دەکرێن کە لەگەڵ خشتەی مووچەدا یەکناگرنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە شێوازێک کە گونجاو بێت بۆ جێبەجێکردن.

 

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، ئامانج لە ڕێکخستنەوەی خشتەی مووچە، بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی جیاوازییە داراییەکانی نێوان فەرمانبەرانی وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکانە، بەتایبەتی کە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان مووچەی هەندێک توێژ و پلەی وەزیفیدا هەیە.

 

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزم، هەنگاوێکە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت تا یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی خشتەی مووچە بە شێوەیەکی گشتگیر، هەروەها گرنگیی گەیشتن بە شێوازێک کە هاوسەنگی و دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەرانی دەوڵەتدا بپارێزێت و سنوورێک بۆ ئەو جیاوازییە گەورانەی مووچە دابنێت.

758 جار خوێندراوەتەوە