وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: گەرووی هورمز دەبێتە رێڕەوێکی ئاوی بێبەها

KNN : Kurdish News Network
06:09 - 01/09/2026
جیهان
+
-

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا و لەگەڵ فراوانبوونی پشتبەستن بە هێڵی بۆرییەکانی نەوت، گرنگیی گەرووی هورمز کەم دەبێتەوە.

 

لە میانەی گفتوگۆیەک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵی بیست (G20) لە ویلایەتی نۆرس کارۆلینای ئەمریکا، بیسێنت وتی: "لە ماوەی دوو ساڵدا، گەرووی هورمز دەبێتە ڕێڕەوێکی ئاوی بێبەها"، و ئەگەرچی ئێران هەوڵدەدات گەرووەکە وەک "خاڵێکی گوشار" بەکاربهێنێت، بەڵام ئەو گەرووە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان خاڵی گوشار نییە، بەڵکو بۆ چەندین وڵاتی تر بەو جۆرەیە.

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئابووری دژ بە ئێران، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن لێکۆڵینەوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی بەکرێدانی فڕۆکەدا دەکات کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوە ڕەنگە هەر لایەنێک بگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ "سوپای پاسداران" دەکات.

 

وتیشی: "بە ئەگەری زۆرەوە ئەم هەفتەیە سزادانی بانکی ڕادەگەیەنین، و لە هەفتەی داهاتووشدا سزای سەر بانکێکی تر ڕادەگەیەنەین. ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان قسە دەکەین کە هەموویان ئامادەیی خۆیان نیشان داوە و پشتگیرییەکی گەورەمان پێگەیشتووە."

 

لە لایەکی ترەوە، دوو کۆمپانیای "ماریسکس" بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییە دەریاییەکان و "کەپڵەر" بۆ بەدواداچوونی جوڵەی کەشتییەکان بڵاویان کردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردووی دووشەممە، پاشماوەی موشەک یان هێرشی نەناسراو دوو کەشتی گەورەی هەڵگرتنی نەوتی سعودیەیان پێکاوە کە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا بەرەو دەرەوە دەچوون، ئەوەش لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمدا. کۆمپانیای ماریسکس ڕایگەیاند: "ئەو دوو رووداوە هاوکاتە، پەرەسەندنێکی زیاتر نیشان دەدات لە ژینگەی هەڕەشەکان لە ناو سنووری دەریایی عومان."

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر کەناراو و بەندەرە ئێرانییەکان، هەناردەی نەوت و غاز لە کەنداو دابەزینێکی توندی بەخۆوە بینیوە، چونکە هەردوولا هەوڵ دەن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییەدا بسەپێنن.

 

هاوکات هەوڵەکانی نێوەندگیران، لەوانەش قەتەر و عومان، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی نەبووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بە مەبەستی کردنەوەیەوە، لە کاتێکدا پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە پێش زیاتر لە شەش مانگەوە، نزیکەی یەک لە سەر پێنجی نەوت و غازی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕی.

153 جار خوێندراوەتەوە