وەزارەتی پەروەردەی سوریا بڕیارێکی فەرمیی دەرکرد بۆ بەفەرمیکردنی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا، وەک زمانێکی نیشتمانی لەو ناوچانەی کە ڕێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییانی کوردی تێدایە، بڕیارەکەش قۆناغەکانی خوێندن بەگشتی دەگرێتەوە
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە کە واژۆی د. محەمەد عەبدولڕەحمان ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سوریای لەسەرە و لە (27ی 8ی 2026) دەرچووە، خوێندنی زمانی کوردی دەبێتە بەشێک لە پرۆگرامی پەسەندکراوی خوێندن. لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، هەفتانە سێ وانە بۆ زمانی کوردی و یەک وانەش بۆ چالاکییەکان تەرخان دەکرێت، هەروەها نمرەکانیشی لەپاڵ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی هەژمار دەکرێن و دەچنە ناو کۆنمرەی کۆتایی خوێندکارانەوە
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بۆ ئاسانکاریی قۆناغی گواستنەوە، تەنها لەم ساڵی خوێندندا خوێندکاران سەرپشک دەکرێن لە خوێندنی وانەکانی (کۆمەڵایەتی، مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە زمانی کوردی یان بە زمانی عەرەبی، هاوکات سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی پرۆگرامی تایبەت بە زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکان
سەبارەت بە دابینکردنی مامۆستاش، مەرجە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگا بن و شارەزایی تەواویان لە زمانی کوردیدا هەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکییەوە یەکلایی دەکرێتەوە. لە کاتی زۆر پێویستیشدا، هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی دەتوانن وانەکە بڵێنەوە ئەگەر شارەزای زمانەکە بن.
148 جار خوێندراوەتەوە