ئیدارەی دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پلانی هەیە کۆتایی بە پێدانی
هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان
بهێنێت. ئەم بڕیارەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی یاداشتی
لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە 30ـی ئەیلولی ئەمساڵدا، کە هەمان ئەو ڕۆژەیە بڕیارە هێزەکانی ئەمریکا
و هاوپەیمانان بەتەواوی لە عێراق بکشێنەوە.
بەپێی راپۆرتێکی
بی بی سی، پێنتاگۆن لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا بە سەرکردەکانی هەرێمی
کوردستانی ڕاگەیاندووە کە نیازی نوێکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەیان نییە. بەمەش کۆتایی
بەو کەمپینە سەربازییە نێودەوڵەتییە دێت کە پێشمەرگە شانبەشانی هێزەکانی
هاوپەیمانان دژی ڕێکخراوی داعش شەڕی تێدا دەکرد. هاوکات بڕیارە مانگی داهاتوو،
تاکە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر دابخرێت.
بەرپرسانی کورد
نیگەرانن لەوەی بڕینی ئەم هاوکارییانە بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دروست بکات و ببێتە
هۆی زیاتر هاندانی ئێران بۆ هێرشەکانی، بەتایبەت کە بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی
بەرگری لە دیموکراسییەکان، تا کۆتایی مانگی ئایار، ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک
لەو وڵاتە 158 هێرشی موشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
هێزەکانی
پێشمەرگە کە ژمارەیان نزیکەی 180 هەزارە، لە چوارچێوەی بەرنامەی پێنتاگۆن بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لە ساڵی دارایی 2026دا بڕی 61 ملیۆن دۆلاریان بۆ کڕینی
چەک، مەشق و ڕاهێنان و مووچە پێدراوە. بەڵام پێنتاگۆن پێشنیاری کردووە لە موازەنەی
ساڵی 2027دا ئەو هاوکارییانە ببڕدرێن بە بیانووی تێکشکاندنی داعش. ئەمەش لە
کاتێکدایە کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە جیهاندا
بە تێچووی 800 ملیۆن دۆلار لە هەولێر کردەوە.
شارەزایان و
دیپلۆماتکارانی پێشووی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەم هەنگاوە. کۆبوونەوەکانی ئەم
دواییەی تایبەت بە پرسی ئەمنی لە عێراق بە بەشداری کۆشکی سپی، وەزارەتی بەرگری و
دەرەوە بەڕێوەچوون، کە تێیدا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا،
سەرپەرشتی گفتوگۆکانی کردووە. لە لایەکی دیکەوە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
کە لە مانگی تەمموزدا لە واشنتۆن چاوی بە ترەمپ و پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری کەوت،
پێشوازی لەم کشانەوەیە کردووە و بە سەرەتایەکی نوێی بۆ وڵاتەکەی ناوبردووە.
262 جار خوێندراوەتەوە