وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقی هەڵوەشاندەوە و ناوی خستە لیستی چاودێریی تیرۆرەوە، هاوکات دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ دەرکردووە و ناوی خستووەتە لیستی داواکراوانەوە
تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە؛ واشنتن بە فەرمی ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە و چوونە ناو خاکی ئەمەریکای لێ قەدەغە کردووە
لەم بارەیەوە، دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری گشتی بە فۆکس نیوزی راگەیاند: "لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بە شێوەیەکی شەرمەزارکەر خەڵاتی ئەو بیانییانە دەکرا کە هەڕەشەن بۆ سەر نەتەوەکەمان، بەڵام وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ترەمپدا ڤیزاکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە؛ لەژێر سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، هەرگیز رێگە نادرێت گومانلێکراوانی تیرۆر لە ئەمەریکا بمێننەوە یان بێنە ناو خاکەکەمان
ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی واشنتن لە کاتێکدایە، لە ساڵی (2022) کاتێک تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بوو، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا لە مەراسیمێکی فەرمیدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی "ئازایەتی"ی پێبەخشی و بە "ژنی ئاسنینی عێراق" ناوی برد، ئەوەش وەک پێزانینێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە داڕشتنی بودجەی عێراقدا.
دواتر چەندین یاسادانەری دیاری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، تەیف سامییان تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی سیستەمی دارایی و بانکیی عێراقەوە ئاسانکاریی بۆ پارەدارکردنی تیرۆر کردووە لە ناوچەکەدا، بەهۆیەوە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردبوو سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی واشنتن، لە ناوخۆی عێراقیشدا دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ تەیف سامی دەرکردووە و ناوی خستووەتە لیستی داواکراوانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە گرێبەستە حکومییەکاندا. بەپێی زانیارییەکانیش، ناوبراو لە ئێستادا لە دەرەوەی خاکی عێراق دەژی.
166 جار خوێندراوەتەوە