هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەردەم قەیرانێکی قووڵ و لێواری داڕماندایە، بۆیە نابێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەم قۆناغەدا تەنها ڕۆڵی چاودێر ببینێت، بەڵکو پێویستە بە ستراتیژییەکی ڕوونەوە ئامادەیی تەواوی بۆ پێشهاتەکان هەبێت
لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە وەرچەرخانێکی یەکلایکەرەوەدایە، سیستمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتەش جگە لە مەترسییەکانی شەڕ، ڕووبەڕووی سزای قورسی ئابووری و گوشاری فرەچەشن بووەتەوە، کە بەرەو لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ و داڕمانی دەبات
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بەستراوەتەوە بە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان مسۆگەرکردنی مافی بڕیاردان لە چارەنووس و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لە ئێرانی داهاتوودا، لەگەڵ پرسی دیموکراسی، ئازادییەکانی ژنان و داخوازییە مەدەنییەکان. لەم پێناوەشدا، داوا دەکەن لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی، ڕێکخستنی و دیپلۆماسیدا هەنگاوی هاوبەش بنرێت و هەوڵەکانی لۆبیکردن لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخوازی ئێران چڕ بکرێنەوە.
93 جار خوێندراوەتەوە