دوای ڕەتکردنەوەیان لەلایەن سوپاوە؛ یەپەژە دەچێتە ناو وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە

KNN : Kurdish News Network
08:39 - 27/08/2026
کوردستان
+
-

یەکەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ڕاگەیاند بۆ چوونە ناو وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە وەک هێزێکی تایبەت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سوپای سوریا ڕەتیکردەوە بیانخاتە ڕیزەکانییەوە

 

یەپەژە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فەرماندەیییەکەیان لە دیمەشق لەگەڵ شاندێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە "ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسف کراوە، پرسی ئاسایش و سەقامگیریی سوریا و هەماهەنگییەکانی داهاتوو تاوتوێ کراون، هاوکات ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی یەپەژە وەک هێزێکی ڕێکخراو بخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ بە پاراستنی تایبەتمەندییەکانیانەوە. بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنەکەش، کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوام دەبن

 

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکانی حکومەتی سوریا بڵاویان کردووەتەوە، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا و نەورۆز ئەحمەد، فەرماندە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان، بۆ چەند کاتژمێرێک کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو ڕێککەوتنە. پێشتر یەپەژە کە ڕۆڵێکی گرنگی لە تێکشکاندنی داعشدا هەبوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، داوای دەکرد بخرێتە سەر سوپای سوریا، بەڵام دوای چەندین جار ڕەتکردنەوەی داواکەیان لەلایەن دیمەشقەوە، دواجار پێشنیازی چوونە ناو وەزارەتی ناوخۆیان قبوڵ کرد

 

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو (٢٥ی ئابی ٢٠٢٦)، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و "خۆبەڕێوەبەری" و سەرجەم پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکانی ڕاگەیاند، بەمەش یەکگرتنی تەواوەتییان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا پشتڕاست کردەوە.


149 جار خوێندراوەتەوە