فەریق سەعد
مەعن، سەرۆکی تیمی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەستگیرکردنی
تۆمەتباری سەرەکیی لە "ڕووداوەکەی دۆرە"ی بەغدا ڕاگەیاند، کە بووە هۆی
کوژرانی ئەفسەرێک بە پلەی عەمید و کارمەندێکی ئەمنی.
سەعد مەعن
ڕایگەیاند: "هێزەکانی شانەی هەڵۆکان لە ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆ،
دوای هەوڵێکی وردی مەیدانی و تەكنیكی، توانییان لە دیوی ڕەسافەی بەغدا بکوژی
عەمیدەکە و کارمەندە ئەمنییەکەی ڕووداوەکەی دۆرە دەستگیر بکەن".
ڕۆژی
پێنجشەممەی ڕابردوو، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێک بۆ هەڵگرتنی زێدەڕۆییەکانی
نیشتەجێبوون لە دەوروبەری ناوچەکانی دۆرە، کەرارە و گەڕەکی دیجلە لە باشووری
بەغدا، هێزێکی ئەمنی و تیمە خزمەتگوزارییەکان ڕووبەڕووی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ
بوونەوە.
بەهۆی
هێرشەکەوە، عەمید هیشام محەمەد تەلاع، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمانەی بەغدا لە
دیوی کەرخ، لەگەڵ کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی خالید عەباس لەفتە کوژران، هەروەها
چوار کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە نێویاندا کارمەندی ئەمنی و فەرمانبەری ئەمانەی
بەغدا هەن.
348 جار خوێندراوەتەوە