بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گشتیی عێراق، بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ و ڕەشکردنی شووشەی ئۆتۆمبێل (تەزلیل) ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکخستنی جووڵەی ئۆتۆمبێل و بەپێی تایبەتمەندیی شوێن کە یاسای هاتووچۆ دیاری کردووە.
لیوا دکتۆر عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەرپێچی دەکەن و هەڵگری تابلۆی هەرێمی کوردستان یان پارێزگاکانی دیکەن، مافێکە یاسای هاتووچۆ سەلماندوویەتی." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە بەشێکە لە ڕێکارەکانی ڕێکخستنی هاتووچۆ و لێپرسینەوە لە سەرپێچییەکان بەپێی تایبەتمەندیی شوێنیی هەر بەڕێوەبەرایەتییەک، هەروەها هەنگاوێکە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پێدانی هەستی دڵنیایی بە بەکارهێنەرانی ڕێگاوبان.
لەبارەی هەماهەنگییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانەوە، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی هونەری و ڕێکخستن. ڕوونیشیکردەوە کە پەیوەندییەکان بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە لە پێناو جێبەجێکردنی دروستی بڕگەکانی یاسای هاتووچۆ.
عودەی سەمیر باسی لەوەش کرد، لێکتێگەیشتنەکانی نێوان بەغدا و هەرێم تەنیا دۆسیەی سزای سەرپێچی ناگرێتەوە، بەڵکو پرسی ڕەشکردنی شووشەی ئۆتۆمبێلیش دەگرێتەوە، بڕیار و ڕێنماییەکانیش لەو بارەیەوە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە کاریان پێدەکرێت. لە کۆتاییشدا نەیشارەوە کە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە تا ئێستا هیچ لایەنێکی نەرێنیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵکو هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکخستنی ڕێکارەکان و بەهێزکردنی سەلامەتیی شۆفێران لە سەرتاسەری وڵاتدا.
593 جار خوێندراوەتەوە