محەمەد عەلی
لامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و
پاراستنی سامانی نیشتمانی تەنها لە ڕێوشوێنی دادوەری و هەوڵی تاکلایەنەی دەزگا
چاودێرییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو ڕێڕەوێکی گشتگیری نیشتمانییە و پێویستی بە
ئیرادە و پاڵپشتیی ڕاستەقینەی جەماوەری هەیە بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و
بەهاکانی دادپەروەری.
سەرۆکی دەستەی
دەستپاکی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەروەک چۆن پاڵپشتیی هۆشیارانەی خەڵک و
پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی بووە هۆی تێکشکاندنی تیرۆر
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، بە هەمان شێوە ئەو یەکگرتووییە تاکە زامنی بنبڕکردنی گەندەڵییە
لە جومگەکانی دەوڵەتدا. جەختیشی کردەوە کە ئیرادەی جەماوەری و ڕاپۆرتکردنی
بوێرانەی گەندەڵکاران لە لایەن هاووڵاتییانەوە، هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی
ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی ئەم دواییەی دەستەکە بوون.
محەمەد عەلی
لامی دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکانیان و بەهۆی ئەو پشتیوانییە
جەماوەری و دادوەرییەی هەیانە، لەژێر هیچ فشار و بەربەستێکدا پاشەکشە ناکەن.
ڕوونیشیکردەوە کە هەوڵەکانیان هیچ لایەن و گرووپێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج،
بەڵکو تەنها ڕووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵکاران دەبنەوە بەبێ گوێدانە ناسنامە و
پێگەکەیان.
لە بەشێکی
دیکەی پەیامەکەیدا، داوای لە میدیا نیشتمانییەکان کرد ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لە
ڕیسواکردنی گەندەڵکاران و هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی بگێڕن، هاوکات هۆشداریشیدا لە
گشتاندنی گەندەڵی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و بڵاوکردنەوەی بێئومێدی لەناو
کۆمەڵگەدا.
226 جار خوێندراوەتەوە