مالیکی هۆشداری لە پێکدادانی چەکداری دەدات و ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەت بدرێت

KNN : Kurdish News Network
07:58 - 26/08/2026
عێراق
+
-

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداری دەدات لە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پشێوی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و جەخت لە پشتیوانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ مانەوەی حکومەت دەکاتەوە، هاوکات داواکارە دۆسیەی چەک بەدەست دەوڵەتەوە دوور لە پێکدادان چارەسەر بکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، نووری مالیکی لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران و شارەزایانی سیاسی ڕایگەیاندووە: عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستی بە دانایی هەیە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەوڵێک هەیە بۆ شڵەژاندنی دۆخەکە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتدا لە پشتیوانیکردنی حکومەت بەردەوام دەبێت. ڕوونیشیکردەوە کە بوونی تێبینی لەسەر ئەدای حکومەت بە واتای قبوڵکردنی گۆڕین یان ڕووخاندنی حکومەت نایەت، بەڵکو بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی کارەکانە.

 

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێداگری کرد لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەی چەک بەدەست دەوڵەتەوە بەبێ گرژی، و هۆشداریدا لەوەی پێکدادانی نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان زۆر مەترسیدار دەبێت. جەختیشی کردەوە کە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆیی زیانێکە بۆ تەواوی عێراق و ئەو کەسەی پێی وایە ململانێکان تەنها "شیعی - شیعی" دەبن لە خەیاڵدایە، چونکە لێکەوتەکانی سەرجەم پێکهاتەکان دەگرێتەوە. حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگیش ڕێگە نادەن وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی بڕوات.

 

سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی وەزاری، مالیکی داوای پەلەکردنی کرد لە یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان، و ئاشکرای کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانیش هەمان ئارەزووی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە.

 

جێی باسە، دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکانی بەردەم حکومەتی عێراق بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 30ی ئەیلول، کە لایەنە سیاسییەکان وەک دوا مۆڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دیارییان کردووە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە بەشێک لە گرووپەکان بەستوویانەتەوە بە داهاتووی چەکەکانیانەوە.

256 جار خوێندراوەتەوە