لیژنەی دارایی
پەرلەمانی عێراق وردەکاریی پێشنیازەیاسای دامەزراندنی "سندووقی سەقامگیریی
مووچە"ی ئاشکرا کرد، کە ئامانج لێی پاراستنی مووچەی فەرمانبەران و
دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ئابوورییە لە کاتی دابەزینی نرخی نەوتدا، جەختیش
دەکاتەوە کە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە پێویستی بە ڕەزامەندیی حکومەت هەیە بەهۆی بوونی
لایەنی داراییەوە تێیدا.
ئەم پێشنیازە
بەهۆی ئەوەوە هاتووە کە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت
دەبەستێت، ئەمەش سەقامگیریی دارایی دەوڵەت و خەرجکردنی شایستەی فەرمانبەرانی
ڕاستەوخۆ بەستووەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا. سندووقەکە
لایەنێکی سەربەخۆی دارایی و کارگێڕی دەبێت و ڕاستەوخۆ بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە
دەبەسترێتەوە، بۆ ئەوەی بەبێ دواکەوتن و پچڕان مووچە دەستەبەر بکات لە کاتی
کورتهێنان و قەیرانە داراییەکاندا.
عودەی عەواد،
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕوونیکردەوە، پێشنیازەیاساکە
سەرجەم مەرجە دەستووری و یاساییەکانی تێپەڕاندووە، بەڵام دەنگدانی کۆتایی بەندە بە
ڕەزامەندیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، ئەوەش وەک پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی دادگای
فیدراڵی سەبارەت بەو یاسایانەی کاریگەریی داراییان هەیە.
سەبارەت بە
سەرچاوەی داهاتی سندووقەکەش، پشتی بەستووە بە تەرخانکردنی (10٪)ی زیادەی داهاتی
نەوتیی ساڵانە و ئەو قازانجەی لە وەبەرهێنانی پارەی سندووقەکەدا بەدەست دەهێندرێت،
لەگەڵ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی لە کاتی پێویستدا. بەڕێوەبردنیشی لەژێر سەرپەرشتیی
وەزارەتی داراییدا دەبێت، بە بەشداریی نوێنەرانی بانکی ناوەندی، وەزارەتی پلاندانان،
دەستەی دەستپاکی، و شارەزایەکی ئابووریی سەربەخۆ.
132 جار خوێندراوەتەوە