دیوانی وەقفی
سوننە، ئەمڕۆ سێشەممە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو لێدوانانەی کرد کە لەلایەن
سروودبێژێکەوە بە ناوی "سەید فاقید" دراون و تیایدا هێرشی کردووەتە سەر
هاوەڵانی پێغەمبەر و خێزانەکەی، ڕاشیگەیاند، ڕێکاری فەرمی دەگرنەبەر و لە دادگا
تایبەتمەندەکان سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن.
دیوانی وەقفی
سوننە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو قسانەی لەو کەسەوە دەرچوون،
هاندەرن بۆ نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی کێشەی تائیفی، هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر
ئاشتیی کۆمەڵایەتی"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "سووکایەتیکردن بە
سیمبول و پیرۆزییەکانی ئیسلام کارێکی ڕەتکراوەیە و پاساو هەڵناگرێت، ڕێگەش نادرێت
بکرێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ڕقوکینە و دووبەرەکی لە نێوان عێراقییەکاندا".
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەقفی سوننە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە هەر کەسێک
دەگرێتەبەر کە هێرش بکاتە سەر هاوەڵان یان هانی ئاژاوەی کۆمەڵایەتی بدات. هەروەها
داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق کردووە "هەستی بەرپرسیارێتییان هەبێت و
بەرگری لە یەکڕیزیی کۆمەڵگە و پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی بکەن، چونکە یاسا تاکە
یەکلاکەرەوەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وتاری ڕقوکینە."
107 جار خوێندراوەتەوە