بریکاری پێشووتری وەزارەتی
دارایی عێراق ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی بۆ لابردنی سێ
سفر لە دراوی وڵاتەکە نەداوە و پێشنیازەکەش تەنها لە قۆناغی گفتوگۆدایە، ئاماژە بەوەش
دەکات کە ئامانجی سەرەکیی پێشنیازەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەو پرسە، ئاشکراکردن و گەڕاندنەوەی
ئەو پارە زۆرانەیە کە لەلایەن گەندەڵکارانەوە شاردراونەتەوە.
د. فازڵ نەبی، بریکاری
پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (ڕۆژەڤ)ی کەناڵی
کەی ئێن ئێن ڕایگەیاند، بیرۆکەی لابردنی سێ سفر لە دراوی عێراقی تەنها پێشنیازێکە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕێکی زۆر لە دراوی چاپکراوی عێراقی
لە دەرەوەی سیستەمی بانکی و لە ژێر زەوی و شوێنە جیاوازەکاندا شاردراوەتەوە و گەندەڵکاران
ئامادە نین پارەکان بگەڕێننەوە. بەو پێیەی سەرۆک وەزیرانیش دەسەڵاتی تەواوەتی نییە
بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکارە گەورەکان، دەیەوێت لە ڕێگەی گۆڕینی دراوەکەوە ئەو پارانە
بەتاڵ بکاتەوە، چونکە خاوەنەکانیان ناتوانن ئەو بڕە زۆرە لە دراوی کۆن بگەڕێننەوە بۆ
بانکەکان بەمەبەستی گۆڕینەوەی.
لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی
بڕیارەکەوە، د. فازڵ نەبی ڕوونیکردەوە کە ئەستەمە حکومەتی عێراق لە ئێستادا هەنگاوێکی
لەو شێوەیە بنێت و بەرپرسانی باڵای بەغداش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە
گەڕاندەوە کە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی تا ڕادەیەک جێگیرە و
ڕێژەی هەڵئاوسانیش لە وڵاتەکەدا کەمە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی پەنا بۆ لابردنی سفری
دراو دەبەن، ڕێژەی هەڵئاوسانیان لە سەروو ١٠٠٪ـەوەیە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی
وەزارەتی دارایی هۆشداریش دەدات کە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دروستبوونی
سەرلێشێواوی لە بازاڕەکاندا و مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان قورس دەکات، بەو پێیەی مامەڵەکان
دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەکارهێنانی فلس (١٠، ٢٥ و ٥٠ فلس)، ئەمەش پرۆسەیەکی زەحمەتە
و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و گرانبوونی کاڵا و پێداویستییە
ڕۆژانەکان، لەبری ئەوە، بانکی ناوەندی و شارەزایانی دارایی
عێراق زیاتر لەگەڵ گۆڕینی شێوەی دراوەکاندان، بە جۆرێک کە بەهاکەی وەکوو خۆی
دەمێنێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە لێدانی ئەو گەندەڵکارانەیە کە سەدان
تریلیۆن دیناریان لە دەرەوەی بانکەکان حەشار داوە، چونکە لە کاتی گۆڕینەوەی دراوە
کۆنەکە بە نوێیەکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ناتوانن ئەو بڕە زەبەلاحانە بهێننە
ناو بانکەکان بێ ئەوەی سەرچاوەکەیان ئاشکرا ببێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، د. فازڵ نەبی تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی
یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و پشکی کورد. ئامادەکردنی بودجەی داهاتوو زۆر سەخت دەبێت
بەهۆی ئەوەی ٩٠٪ی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، و پێشبینیکردنی داهاتەکانیش
لەم دۆخەی ئێستادا قورسە. بەڵام ئەوەی یەکلاکەرەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان،
چەسپاندنی مافە دەستوورییەکەیەتی؛ بەپێی یاسا و قەبارەی دانیشتووان، دەبێت پشکی
هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا لە ١٢.٦٧٪ بۆ ١٤٪ بەرز بکرێتەوە. ئەم ڕێژەیە تەنها بۆ
پارەی نەختینە نییە، بەڵکوو هەموو پرۆسەیەکی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەش
دەگرێتەوە. ئەگەر بەغدا بڕیاری دامەزراندنی ١٠٠ هەزار کەس بدات لە وەزارەتێکدا،
دەبێت ڕاستەوخۆ ١٤٪ی ئەو پلانە بۆ هەرێمی کوردستان بێت، وە ئەگەر پلەبەرزکردنەوە
لە عێراق بەردەوام بێت، لە ڕووی یاساییەوە دەبێت هاوکات لە هەرێمیش جێبەجێ بکرێت و
ئەمەش مافێکە نەک خێرپێکردن.
سەبارەت بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانیش، سەرەڕای ئەوەی خەزێنەی
دەوڵەت لە ماوەی ڕابردوودا تەنها یەک تریلیۆن دیناری تێدابووە و حکومەت بۆ
پڕکردنەوەی خەرجییەکان پێویستی بە قەرزکردن هەیە، بەڵام د. فازڵ نەبی دڵنیایی
دەدات کە پارەی مووچەکان تا کۆتایی ساڵ دەستەبەر کراوە. بانکی ناوەندی لە ڕێگەی
یەدەگەکانی خۆی و دەرکردنی قەواڵەی حکومییەوە پشتیوانیی دابینکردنی مووچە دەکات.
ئەو دواکەوتنانەشی کە هەن کێشەی تەکنیکی و کاتین، و بەهیچ شێوەیەک مەترسیی فەوتانی
مووچەی هیچ مانگێک نە لەسەر هەرێمی کوردستان و نە لەسەر عێراق بوونی نییە.
233 جار خوێندراوەتەوە