هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ هەڵوەشایەوە و مەزڵووم عەبدیش دەستپێکی قۆناغی ئاشتی رادەگەیەنێت

KNN : Kurdish News Network
09:35 - 25/08/2026
کوردستان
+
-

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، قۆناغێکی نوێ لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان دەست پێ دەکات

 

ئەمڕۆ سێشەممە (25ـی ئابی 2026)، مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەوپەڕی بەرپرسیاریێتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین، دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی و لە قۆناغی بەرگریکردنەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانی وڵات

 

فەرماندەی هەسەدە بە رێزەوە یادی شەهیدانی کردەوە و باسی لەوە کرد، شەڕڤانان تەنیا بۆ شەڕ نەجەنگاون، بەڵکو لەپێناو هاتنی رۆژێکدا بووە کە چیتر هیچ سوورییەک پێویستی بە هەڵگرتنی چەک نەبێت

 

هاوکات جەختی لە دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە کردەوە و روونیکردەوە، مافی خوێندن بە زمانی دایک (زمانی کوردی) یەکێکە لە مافە بنەڕەتییە دەستەبەرکراوەکان، لە ساڵی نوێشدا بەتەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە بنەمایەک بۆ قۆناغەکانی داهاتوو

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی رووی وتەکانی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی (کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و تورکمان) کرد و وتی: "سووریا وڵاتی هەمووانە، هەروەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە پاراستمان و قوربانیمان بۆ دا، بە هەمان گیانی هاوبەشی و پێکەوەیی داهاتوویەکی ئازاد، رووناک و پڕ لە ئاشتی بۆ بنیات دەنێین."

265 جار خوێندراوەتەوە