وەزیری گەیاندنی عێراق: هەوڵ دەدەین کێشە هەڵپەسێردراوەکانمان لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکەین

KNN : Kurdish News Network
01:05 - 22/08/2026
عێراق
+
-

مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند؛ بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی بە بڕە پارەیەکی زۆرەوە، دوو کۆمپانیایان ڕەوانەی دادگا کردووە.

 

لە میانی وتارێکدا لە هەشتەمین کۆنفڕانسی دیالۆگی بەغداد، وەزیری گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان دەستی بە چارەسەرکردنی کێشەی کێبڵی تیشکی لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر، پێویستە کێبڕکێ لە نێوان کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لەو دوو پارێزگایەدا هەبێت.

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەنەد ڕوونیکردەوە کە هەندێک ژێرخانی پەیوەندییەکان لە ناو هەرێم هەن کە نەیانتوانیوە پێی بگەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

 

هەروەها باسی لەوە کرد کە جیاوازیی بۆچوونەکان کاریگەریی نەرێنیی هەبووە، بەڵام لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕێککەوتوون کە ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ڕێزدارانە بن، چونکە لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنەوە دەتوانرێت چەندین پڕۆژە جێبەجێ بکرێن.

 

لە کۆتایی وتەکانیدا، وەزیری گەیاندن پرسی ئینتەرنێتی ئاسمانیی بە بابەتێکی مشتومڕهەڵگر وەسف کرد و جەختی لە گرنگیی دروستکردنی کێبڕکێ لە نێوان کۆمپانیاکاندا کردەوە، ئاشکراشی کرد کە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای ستارلینک (Starlink) لە ئێستادا بە شێوەیەکی کرداری لە ناوخۆی وڵاتدا بوونی هەیە، بەڵام بە شێوازێکی نافەرمی کار دەکات.

234 جار خوێندراوەتەوە