گەڵف کیستۆن دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 25/08/2026
ئابوری
+
-

کۆمپانیا گەڵف کیستۆن، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەربەخۆکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتی دارایی و کارپێکردنی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، دوای راگرتنی کارەکانیان لە 20ی تەمووز، سەرلەنوێ دەستیان بە کارکردووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات سەرەڕای ئاستەنگە ئەمنییەکانی ناوچەکە و راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان، توانیویانە پارێزگاری لە سەقامگیریی داراییان بکەن و بڕی 10 ملیۆن دۆلاریش وەک قازانج بەسەر خاوەن پشکەکانیاندا دابەش دەکەن.

 

جۆن هاریس، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئاستی کارپێکردن و دارایی کۆمپانیاکەیان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەرگەگرتنی بەهێزی نیشانداوە لە بەرامبەر ئەو پشێوییە گەورانەی کە لە ناوچەکەدا دروستبوون. ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی درێژکردنەوەی رێککەوتنی کاتیی هەناردەکردنی نەوتەوە، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دەستیپێکردووەتەوە و رێژەکەی روو لە زیادبوونە بۆ گەیشتن بە ئاستەکانی پێشوو.

 

بەپێی راپۆرتەکە، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا نزیکەی 14 هەزار و 600 بەرمیل بووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر (44 هەزار و 100 بەرمیل) کەمیکردووە. ئەمەش بەهۆی ئەو راگرتنە خۆپارێزییەوە بووە کە لە نێوان 28ی شوبات بۆ 23ی حوزەیرانی 2026 بەهۆی کێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە روویداوە. دواتر لە 16ی ئابی ئەمساڵدا بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان دەستیپێکردووەتەوە و لە ئێستادا قەبارەی بەرهەمهێنان لە 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە نزیک دەبێتەوە.

 

لە رووی داراییەوە، کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە کە داهاتەکەی لە شەش مانگی یەکەمدا 82.8 ملیۆن دۆلار بووە و تێکڕای نرخی فرۆشراویش 83.5 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها خەرجییە کارپێکردنەکانیان بەڕێژەی 25٪ کەمکردووەتەوە. راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە رێککەوتنی کاتیی سێقۆڵی نێوان کۆمپانیا بیانییەکان، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە و تا کۆتایی کانوونی دووەمی 2027 درێژکراوەتەوە، ئەوەش بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی درێژخایەن لەسەر بنەمای نرخی نێودەوڵەتی نەوت. کۆمپانیاکە تاوەکو 24ی ئابی 2026، بڕی 63.5ملیۆن دۆلار پارەی کاشی لەبەردەستدا بووە و هیچ قەرزێکی لەسەر نییە.

262 جار خوێندراوەتەوە