ئۆجەلان پێشنیاری پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:41 - 24/08/2026
کوردستان
+
-

عەبدوڵا ئۆجەلان، هۆشداری دەداتە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرهەڵدانی گۆڕانکاری و قەیرانە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و چارەسەری قەیرانی پێکنەهێنانی کابینەی نوێش، پێشنیاری پێکهێنانی "حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک" دەکات.

 

ئەم پەیامەی ئۆجەلان لە میانی دوایین دیداریدا هاتووە لەگەڵ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور، کە لە 2ی ئابی 2026 لە زیندانی ئیمراڵی بەڕێوەچووە. بەپێی زانیارییەکان، لە دیدارەکەدا ئۆجالان هەڵسەنگاندنی گشتگیری بۆ دۆخی سیاسیی ناوچەکە، گۆڕانکارییە جیهانییەکان و بەتایبەت چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان کردووە.

 

ئۆجەلان لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ناو "گەردەلوول و ئاگر" و هەمان ئەو یارییە دووبارە دەکرێتەوە کە پێشتر لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە. جەختیشی کردووەتەوە کە پرسی کورد لە چەقی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و ئەگەری هەیە هەریەک لە بەشەکانی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی قورس ببنەوە.

 

لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە، هۆشداری داوە لەوەی کە لەم دۆخە ناسەقامگیرەی ئێستادا، پرسی پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەبوونی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان، زیانێکی گەورە بە گەلی کورد و دەستکەوتەکانی دەگەیەنێت ئەگەر بەپەلە دەست بۆ چارەسەر نەبرێت.

 

لە کۆتاییدا، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان، ئۆجەلان پێشنیاری کردووە هێزە سیاسییەکان خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەن و چارەسەرییەک لە چوارچێوەی "حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک" بگرنەبەر، کە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە: "پێویستە داواکارییەکانی هەموو گەل جێبەجێ بکات، نەک تەنها دوو بنەماڵە".

340 جار خوێندراوەتەوە