"کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت دەستیان بە بەرهەمهێنان کردەوە و نرخی بەنزین دادەبەزێت"

KNN : Kurdish News Network
02:26 - 24/08/2026
ئابوری
+
-

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنەوەی فەرمیی کار و بەرهەمهێنانی سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی لە هەرێم ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە کاریگەریی ئەرێنی و دەستبەجێی دەبێت لەسەر زیادکردنی خستنەڕووی بەنزین و دابەزینی نرخەکەی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.

 

سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرای کرد، سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت گەڕاونەتەوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەستیان بە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

 

ڕوونیشیکردەوە، ڕاگرتنی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە لە ماوەی ڕابردوودا هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بووە. سەبارەت بە شێوازی کارکردنیشیان، سەرچاوەکە باسی لەوە کرد کە کۆمپانیاکان بڕێک لە نەوتی خاو وەک "شایستەی کاڵایی" لەبری پارەی نەختینە لە حکومەت وەردەگرن، دواتریش بەشێک لەو نەوتە دەفرۆشنە پاڵاوگە و بازرگانە ناوخۆییەکانی هەرێم بۆ پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەنزین و دابەشکردنی بەسەر بازاڕەکاندا.

 

ئەو سەرچاوە حکومییە جەختی لەوەش کردەوە، خستنەکارەوەی کێڵگەکان و بەردەوامیی ڕۆیشتنی نەوتی خاو، بڕی پێویست دەداتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بۆ چڕکردنەوەی کارەکانیان، ئەمەش دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و دابەزینی بەرچاوی نرخی بەنزین بۆ هاوڵاتییان و شۆفێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

148 جار خوێندراوەتەوە