نوێنەرانی
مامۆستایانی گرێبەست ئاشکرایان کرد، وەزارەتی دارایی هەرێم تەواوی ناو و
داتاکانیانی خستووەتە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراقەوە و هەر ئەمڕۆش
بەمەبەستی دروستکردنی پاڵپشتی بۆ پەسەندکردنی، بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا، نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ڕایانگەیاند: ئەمڕۆ لە وەزارەتی
دارایی هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و ستافی ئامادەکاری پڕۆژەی دارایی
هەرێم بۆ بودجەی عێراق کۆبوونەتەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکە دڵنیابوونەوە بووە لە
خستنەناوەوەی ناو و داتای تەواوی مامۆستایانی گرێبەست بۆ ناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027،
کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10ـی ئەمساڵدا ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
ئاماژە بەوەش
کراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم تەرخانی دارایی و ناوی تەواوی مامۆستایانی گرێبەستی
بەمەبەستی داواکردنی پارە لە بەغدا ئامادە کردووە. هاوکات داواکاری بۆ دابینکردنی
پێداویستییە ماددییەکان، پارەی بڕوانامە، پاداشت و قەرەبووی ساڵانی ڕابردووی
دانەمەزراندن لە هەرێمی کوردستان، لەپاڵ چین و توێژەکانی دیکەی بێبەش لە مافی
دامەزراندن، خراوەتە ناو پڕۆژەکەوە.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای دڵنیابوونەوەیان لە بوون و جێگیرکردنی ناوەکانیان
لەناو پڕۆژە ئامادەکراوەکەدا، نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست هەر ئەمڕۆ بەرەو بەغدا
بەڕێدەکەون. ئامانجی سەردانەکەیان پشتیوانیکردنە لە داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی
هەرێم و دروستکردنی پاڵپشتیی زیاتر لەلایەن پەرلەمانتاران، لیژنەی دارایی و لایەنە
پەیوەندیدارەکانی عێراقەوە.
172 جار خوێندراوەتەوە