دۆناڵد ترەمپ
سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا
هەیە و سەرەڕای ئاستەنگییەکان، بڕێکی زۆر نەوت لەو ڕێڕەوەوە دەگوازرێتەوە، جەختیش
دەکاتەوە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە لێدوانێکیدا
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و گەرووی هورمز، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە شەوی ڕابردوو
ژمارەیەکی زۆر کەشتی لەو گەرووەوە تێپەڕیون و وتی: "ئێمە باڵادەستین و
کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمز لە دەستی ئێمەدایە، ئەوە نەبێت کە هەندێک جار بە
تەقاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێزاری دروست دەکەن، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا
بڕێکی زۆر و سەرسوڕهێنەر لە نەوت لەوێوە هەناردە کراوە."
سەبارەت بە
پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، ترەمپ باسی لەوە کرد کە پێدەچێت لە قۆناغێکدا دەست بە
دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بکەنەوە و لە ئێستادا دۆخەکە باشە. هۆشداریشی دا کە
نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، چونکە ئەگەر دەستیان بکەوێت ئەگەرێکی زۆر هەیە
بەکاریبهێنن.
هاوکات، لە
بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا وڵاتان بەدوای جێگرەوەدا
دەگەڕێن بۆ دابینکردنی نەوت، لەوانەش پشت بەستن بە نەوتی ویلایەتەکانی تێکساس،
ئالاسکا و لویزیانا لە ئەمریکا.
111 جار خوێندراوەتەوە