وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئەوانەی بە بێ مۆڵەت درۆن هەڵدەدەن هاوشێوەی تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
11:29 - 10/08/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، داخستنی 71 بارەگای وەهمیی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەبێ ڕەزامەندی بفڕێت، خۆی و ئەوانەشی هەڵیانداوە، بەبێ گوێدانە ئینتیماکانیان وەک تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 

لیوا میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە کارەکانی لیژنەی نیشتمانیی هەمیشەیی بۆ ڕێکخستنی چەک و قەتیسکردنی بەدەست دەوڵەتەوە ڕایگەیاند: "لیژنەکە لە ئێستادا بانکێکی زانیاریی هەیە کە شەش ملیۆن پارچە چەکی لە سەرتاسەری وڵاتدا تێدایە، سەرەتا جۆرێک لە بێمتمانەیی هەبوو و پێشوازیی بۆ تۆمارکردنی بێبەرامبەری چەک لاواز بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و پێشوازییەکی زۆر هەیە."

 

میری ڕوونیشیکردەوە، مۆڵەتی تۆمارکردنی چەک لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 کۆتایی دێت، و دوای ئەو بەروارە هەر کەسێک هەڵگری چەکی تۆمارنەکراو بێت، وەک "لەیاسادەرچوو" مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

110 جار خوێندراوەتەوە