ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی دا بە دەستپێکردنی ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی پڕۆژەی پێدانی یەک ملیۆن پارچە زەوی لەو پارێزگایانەی کە تەرخانکردنی زەوییەکانیان تێدا تەواوکردووە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، زەیدی سەرپەرشتی چوارەمین کۆبوونەوەی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانی کردووە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەت و پارێزگارەکان، کە تێیدا تاوتوێی دۆخی خزمەتگوزاری، ئابووری و بژێوی پارێزگاکان کراوە
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران جەختی لە سووربوونی حکومەت کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئابوورییەکانی ئێستا کە بەهۆی ڕەوشی ناوچەکەوە سەریان هەڵداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم قۆناغە مامەڵەکردنی ورد لەگەڵ سامانی گشتیدا دەخوازێت، هەروەها سەرکەوتنی حکومەت لەم هەنگاوە چاکسازییانەدا، سەرکەوتنی حکومەتە خۆجێییەکانە، و جەختیشی کردەوە کە قبوڵکراو نییە نەهامەتییەکانی ئەو پارێزگایانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەردەوام بێت
سەبارەت بە کەرتی نیشتەجێبوون، بڕیار درا ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون لە 1ی 9ی 2026ـەوە دەست پێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگارەکان ڕاسپێردران بۆ یەکلاکردنەوەی زەوییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی گۆڕینی ڕەگەزی زەوییە کشتوکاڵییەکان و گواستنەوەی خاوەندارێتییان بۆ شارەوانییەکان، بە مەرجێک ئەو زەویانەی دیاری دەکرێن نزیک بن لە سەرچاوەی خزمەتگوزارییەکانەوە
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا و تایبەت بە کەرتی کارەبا، بڕیار درا بە گواستنەوەی کەرتی دابەشکردنی کارەبا لە ڕووی کارگێڕی و هونەرییەوە بۆ سەر پارێزگاکان. هەر پەیوەست بەم کەرتەوە، بڕیار درا وەزارەتی نەوت پێدانی مۆڵەتی پشکی سووتەمەنی بە مۆلیدە ئەهلییەکان ڕابگرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پارێزگای بەغدا، و ڕێگریش بکرێت لە دانانی مۆلیدەی ئەهلیی نوێ بەبێ ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دیکە دەرکران، لەوانە ڕەزامەندیدان لەسەر زیادکردنی بەرەڵاکردنی ئاو بۆ سەرخستنی پلانی هاوینەی چاندنی برنج لە پارێزگای دیوانیە، هەروەها گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی وەزارەتی لاوان و وەرزش بۆ سەر پارێزگاکان. لە کۆتاییشدا وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بەمەبەستی هێنانەکایەی قەزاکانی(شووان، قەرەهەنجیر، و بێجی) لە سنووری پارێزگای کەرکووک
514 جار خوێندراوەتەوە