بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە مەرزی سەیرانبەن ڕادەگیرێت

KNN : Kurdish News Network
06:57 - 11/08/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی مەرزی سەیرانبەن ڕایگەیاند، لە سبەینێ چوارشەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، سەرجەم جووڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە دەروازەکەدا ڕادەگیرێن

 

لە ئاگادارییەکدا کە ئاراستەی هاووڵاتییان، گەشتیاران و شۆفێران کراوە، مەرزی سەیرانبەن ڕوونی کردووەتەوە کە بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆ لە سبەینێ (12ی 8ی 2026) دەست پێ دەکات و تاوەکو (15ی 8ی 2026) بەردەوام دەبێت. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ هۆکارێک بۆ ڕاگرتنی ئەو جووڵەیە لە ئاگادارییەکەدا نەخراوەتەڕوو، بەڵام جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە ڕۆژی شەممەی داهاتووەوە هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە

 

مەرزی سەیرانبەن یەکێکە لە دەروازە سنوورییە گرنگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی و ڕۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری گەشتیاری و بازرگانی لێوە ئەنجام دەدرێت.

287 جار خوێندراوەتەوە