دادگای
لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەت بە پرسەکانی دەستپاکی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد
ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەرکرد.
بەپێی
بەڵگەنامەیەکی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادگای لێکۆڵینەوەی
تاوانەکانی ناوەندی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە کەرخ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ (ئەحمەد
جاسم سابیر ئەلئەسەدی)، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرکردووە.
تۆمەتی ئاراستەکراو بەرامبەر ئەو وەزیرەی پێشوو، بریتییە لە نەتوانینی سەلماندنی ڕەوایی
ئەو زیادبوونەی لە سەروەت و سامانەکەیدا ڕوویداوە.
لە
بەڵگەنامەکەدا هاتووە، فەرمانەکە لەسەر سکاڵای مافی گشتی و دەستەی دەستپاکیی
فیدراڵی دەرچووە، و پاڵپشتە بە بڕگەی دووەم لە ماددەی (19)ی یاسای دەستەی دەستپاکی
و قازانجی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو.
هاوکات دادگاکە
فەرمانی بە ئەندامانی جێبەجێکردنی دادوەری و هێزەکانی پۆلیس کردووە، کە دەستبەجێ
تۆمەتبار دەستگیر بکەن و بە دەستبەسەرکراوی بیهێننە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەی ڕێکارە
یاساییەکانی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
277 جار خوێندراوەتەوە