بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسالارانی عێراق، ئوردن و سووریا لە عەممانی پایتەخت کۆبوونەوە، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی سەربازییە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا
سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ جەختکردنەوەیە لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی سەربازی، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە ئەمنییە خێراکان بووەتەوە. بەشداربووان پرسی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سنوورەکانیان تاوتوێ کردووە، جەختیشیان لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە کردووەتەوە کە سنوورەکان دەبەزێنن
لە بەیاننامەکەدا هاتوە و دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسە سەربازییەکان پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان کردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پاراستنی سەروەریی و ئاسایشی ناوچەکە پێویستی بە کاری هاوبەش و بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە بتوانن بەرپەرچی هەڕەشەکان بدەنەوە و ئامادەییان بۆ ئاڵەنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو هەبێت
هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوە فراوانەدا، لیوا یوسف ئەحمەد حنێتی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئوردن، لەگەڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە، تیایدا دواپێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ سەقامگیری و هەماهەنگیی سەربازییان تاوتوێ کرد. ئەم جووڵە سەربازییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئوردندایە بۆ دروستکردنی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ سوپای وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سنوورە هاوبەشەکان.
256 جار خوێندراوەتەوە