حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی دەستپێکردنی دابینکردنی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق ڕادەگەیەنێت و هەنگاوەکەی هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز بە "تاکلایەنە و پێشێلکاریی گرێبەست" وەسف دەکات
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 4ی ئابی 2026، هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، وەک کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆر، حکومەتی هەرێمیان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی فەرمییەوە ئاگادار کردووەتەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق. حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا نەبووە بۆ هیچ بەشێکی عێراق، بە مەرجێک ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن
حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای غازی سروشتیی زیاتری بۆ دامەزراوەکانی وزەی هەرێم کردووە لە پێناو دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لە جیاتی هاوکاری، هەردوو کۆمپانیاکە بڕیاری تاکلایەنەیان داوە. ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە و دەستوەردانێکی بێپاساو لە ڕێکارە دامەزراوەییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەژمار دەکرێت. هاوکات، حکومەتی هەرێم ئەو دەستەواژانەی ڕەتکردەوە کە تێیدا سوپاسی حکومەتی هەرێم کراوە بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەکە، و بە "ناڕاست و چەواشەکارانە" ناوی بردن
لە کۆتاییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ لێکەوتە یاسایی و گرێبەستییەکانی ئەم کردارە دەکات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی، هەروەها بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون و لە بەرژەوەندیی خەڵکدان.
458 جار خوێندراوەتەوە