پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەج کۆتایی هات و زیاتر لە 120 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە

KNN : Kurdish News Network
06:00 - 11/08/2026
کوردستان
+
-

پرۆسەی ناوتۆمارکردن بۆ حەجی ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 120 هەزار کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەدەستهێنانی پشکی هەرێم، کە پێنج هەزار و 120 کەسە

 

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پرۆسەی ناونووسین درێژ ناكرێتەوە، هەموو ئەوانەشی خۆیان تۆمار كردووە، تیروپشكیان بۆ دەكرێت و پێنج هەزار و 120 حەجخواز، كە پشكی هەرێمی كوردستانە، هەڵدەبژێردرێن بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو

 

ئاماژەی بەوەش کرد، بە كۆی گشتی 120 هەزار و 142 كەس خۆیان تۆماركردووە، کە پێکهاتوون لە هاووڵاتییانی ئاسایی، 602 ڕێبەری ئایینی، 255 كۆمپانیا، 243 پزیشک و دوو هەزار و 349 کەس لە بنەماڵەی شەهیدان

 

جێی باسە، ڕۆژی 21ی 7ی 2026 ، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەکۆی دەروازەی حەجی بۆ ماوەی 15 ڕۆژ کارا کرد و دواتر پێنج ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە، کە شەوی ڕابردوو كۆتا وادەی پرۆسەکە بوو. ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی حەجخوازان بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵكشاوە، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو لەڕێگەی سەكۆی ئەلیكترۆنیی دەروازەی حەجەوە تەنها ٨٩ هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردبوو

604 جار خوێندراوەتەوە