ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت، ڕەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) دەربڕی، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژە و پاراستنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەران و کارمەندانی گشت دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم
بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە ڕێکەوتی 4ی 7ی 1992، لە ڕاگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایهێنان بە ڕاژەکانیان. پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بەو شێوازە تا ڕێکەوتی 31ی 12ی 2024 دیاریکراوە
پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە مەرجی ئەوەی تێدایە کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینیی ئەو ساڵانە لە مووچەی بنەڕەتی بداتەوە. هەر پێشمەرگەیەک پێویستە دە سەدەی (10٪) مووچەی بنەڕەتیی دە ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی 3 ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە 6 ملیۆن و 336هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاریی فەرمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات
سەبارەت بە گواستنەوەی ڕاژە، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە ڕاژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گواستراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە. لە بەرامبەردا، ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بەو شێوازە بۆ دەپارێزرێت.
634 جار خوێندراوەتەوە