وەزیری نەوتی
عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی بەرنامەی
حکومەت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە پێشەنگ لە بەرهەمهێنانی وزەدا، هاوکات ئاشکرای دەکات
کە دیدگایەکی ڕوونیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی غازی سووتێنراو.
لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیدا، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، سەرباری ئەو
ئاستەنگ و کێشانەی پەیوەستن بە گەرووەکانەوە، وەزارەت توانیویەتی بەرهەمە
نەوتییەکان بۆ هاووڵاتییان دابین بکات و لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران 24 کاتژمێر
لە کارکردندان. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق دوای پەنجا ساڵ لە شەڕ و تیرۆر، پێویستی
بە بونیادنانی ژێرخانێکی پێشکەوتوو هەیە، بۆیە هەوڵ دەدەن پیشەسازیی نەوت
پەرەپێبدەن، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن زیاد بکەن و وەبەرهێنان و کۆمپانیا
جیهانییەکان بۆ کەرتی نەوت و غاز ڕابکێشن.
سەبارەت بە
دۆسیەی غاز، وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە کە لەسەر دوو ئاراستەی هاوتەریب کاردەکەن؛
یەکەمیان کۆتاییهێنان بە غازی سووتێنراو و دووەمیش وەبەرهێنان لە کێڵگە
غازییەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش 14 گرێبەست دراونەتە کۆمپانیا جیهانییەکان. هەروەها
تیمەکانی گەڕان و پشکنینی سەر بە وەزارەت لە چەند پارێزگایەک دەستیان بە ڕووپێوی
کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو یەدەگەی نەوت کە کەمیکردووە.
باسم محەمەد
خوزەیر باسی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا کرد و بە لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری
لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان وەسفیکرد. ئاشکرایکرد کە حەوت یاداشت و گرێبەست
واژۆکراون، لەوانە پەرەپێدانی گرێبەستەکان، وەبەرهێنانی نەوت و غازی هاوەڵ، پاشکۆی
ڕێککەوتنی قورنە-2، پرۆژەی ناسریە و چوار بلۆکی نەوتی. سەبارەت بە هەناردەکردنیش،
جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ئایندەیی بۆ هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی
هەناردەکردن کردەوە، بەتایبەت پرۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-فیشخابوور کە بە سیستەمی
وەبەرهێنان (BOT) جێبەجێ دەکرێت، هەروەها هەنگاوەکانی پرۆژەی
هەناردەکردن لە ڕێگەی عەقەبەوە.
لە بارەی
ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا، وەزیری نەوت ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکە
نوێکراوەتەوە، بەڵام بڕی 700 هەزار بەرمیلی پلان بۆ داڕێژراو ناتوانرێت لە ڕێگەی
کەرکووکەوە دابین بکرێت. سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیش،
دووپاتیکردەوە کە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی، هەرێم و کۆمپانیا
نەوتییەکاندا هەیە و دەکرێت لە ڕێگەی دانوستانەوە هەموار بکرێتەوە.
ئەوشی خستەڕوو:
بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بە ڕێژەی لەسەدا 75
پاشەکشەی کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بۆ
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن تاوەکو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆتاییدا
ئاشکرایکرد، یەکێک لە ئامانجەکانیان دروستکردنی کۆگای نەوتییە لە هەندێک وڵاتدا و
گفتوگۆ لەسەر ئەمەش بەردەوامە. ڕوونیشیکردەوە کە لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە 2.7
ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و ئاستی هەناردەکردنیشی لە نێوان 1.5 بۆ 1.7
ملیۆن بەرمیلدایە لە ڕۆژێکدا.
1724 جار خوێندراوەتەوە