وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی سەقامگیریی ئابووریی عێراقەوە کۆبوونەوە

KNN : Kurdish News Network
11:20 - 09/08/2026
ئابوری
+
-

وەزیری دارایی عێراق جەخت لە پێویستیی هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان سیاسەتی دارایی و نەختینەیی دەکاتەوە لەگەڵ بانکی ناوەندی، بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کارامەی لێشاوی دارایی و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی دەوڵەت.

 

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی لە نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، لە دیداری نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی دارایی و ئابووریی وڵات لە سایەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستادا کراوە.

 

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، هەلومەرجی ئێستا خوازیاری هەماهەنگیی بەردەوامە بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی لە سیستمی دارایی و پەرەپێدانی ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی سامانی گشتی بەردەوام بێت. هەروەها گرنگیی ئاڵوگۆڕی داتا و زانیارییەکانی نێوان هەردوو دامەزراوەکە و خێراکردنی پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی دووپاتکردەوە، بۆ بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوە داراییەکان لە وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان.

 

لای خۆیەوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕوونیکردەوە، بانکەکەیان کار دەکات بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیریی نەختینەیی و بەرەوپێشبردنی کاری بانکی بۆ گونجان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابووریی نیشتمانیدا، هاوکات جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە پرسە ئابووری و داراییەکاندا کردەوە.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر درێژەدان بە کاری هاوبەش سەبارەت بەو ڕێکارانەی کە سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی بەهێز دەکەن و جێبەجێکردنی پابەندییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕێکخراو مسۆگەر دەکەن.

241 جار خوێندراوەتەوە