راوێژکارێکی خامنەیی: پیلانی هێرشی زەمینی ئەمریکامان پوچەڵکردەوە

KNN : Kurdish News Network
03:48 - 04/08/2026
جیهان
+
-

ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پیلانێکی ئەمریکای بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی پووچەڵکردووەتەوە و هۆشداریش دەدات کە جووڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەبنە هۆی هەڵگیرسانی "جەنگی جیهانیی سێیەم".

 

لیوا موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕوونیکردەوە، بە ئامانجگرتنی پردەکانی پارێزگای هورمزگان لە باشووری وڵاتەکە، بەشێک بووە لە پلانی ئەمریکا بۆ دابڕاندنی کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەکانی ناوەوەی وڵاتەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، "خراپ هەڵسەنگاندنی سەرکردەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بووە هۆی شکستهێنانی پلانەکەیان، کە ئامانج لێی جیاکردنەوەی ناوچەی گەرووی هورمز بووە لە قووڵایی خاکی ئێران".

 

ڕەزایی ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکانی ئێران زیانێکی گەورەیان بە بنکەیەکی ئەمریکا لە کوەیت گەیاندووە و بوونەتە هۆی چۆڵکردنی هەولێر و گواستنەوەی بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ئوردنەوە بۆ ناو خاکی داگیرکراوی فەڵەستین(ئیسرائیل). جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی ئێران بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دوای وەستانی لایەنی ئەمریکی بەردەوام بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ ئەوەی ئەمریکا "دەرک بە دەرەنجامی کارەکانی بکات".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕاوێژکارەکەی عەلی خامنەیی هۆشداریدا لەوەی ئێران ڕێگە بە کردنەوەی "ڕێڕەوێکی دووەم" نادات لە گەرووی هورمز، و هەر کەشتییەکی جەنگی یان هێزێکی سەربازی لێی نزیک ببێتەوە، دەکرێتە ئامانج. هاوکات جووڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە هۆکارێک بۆ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم ناوبرد و ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمزیشی وەک "مەترسیدارترین سووتەمەنی" بۆ ئەو سیناریۆیە وەسفکرد.

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ بەردەوامیی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان دۆسیەی کردنەوەی گەرووی هورمز لەخۆدەگرن. ترەمپ ئەو گفتوگۆیانەی بە "دوایین دەرفەت" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن زانی و سووربوونی واشنتۆنیشی بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە توانای ئەتۆمی دووپات کردەوە.

 

جێی ئاماژەیە، لە نێوان 8 بۆ 23ی تەممووزی ڕابردوو، ناوچەکە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بەخۆیەوە بینی. واشنتۆن ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکانی وەڵامێک بوون بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، لە بەرامبەریشدا تاران بە لێدانی بنکەکانی ئەمریکا وەڵامی دایەوە و واشنتۆنی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو تۆمەتبار کرد.

990 جار خوێندراوەتەوە