ترەمپ: لۆبی ئیسرائیل لە واشنتن لاواز بووە و ئابووری ئێرانیش داڕماوە

KNN : Kurdish News Network
09:14 - 11/08/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەشێکی زۆری پارە و سەرمایەکانی ئێرانیان کردووە و ئاماژە بەوەشدەکات، تاران لە دۆخێکی پشێویی ئابووریدایە و توانای قەرزکردنی نەماوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (ڕیەڵ ئەمریکا ڤۆیس)، ترەمپ سێ ستراتیژی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرا کرد و وتی: "ستراتیژی یەکەممان چاودێریکردنی خراپیی دۆخەکەیانە، دووەمیان لێدانیانە بە توندی، هەروەها ستراتیژی سێیەمیش فشارە ئابوورییەکانە، کە لە ئێستاشدا بە هەر شێوەیەک بێت جێبەجێی دەکەین."

 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باسی لە داڕمانی ئابووریی ئێران کرد و ڕوونیکردەوە، ڕێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 300٪ و دراوەکەیان خەریکە بەتەواوی بەهای خۆی لەدەستدەدات، بە جۆرێک تەنانەت توانای پێدانی مووچەی سەربازەکانیشیان نەماوە.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕایگەیاند: "گەورەترین گۆڕانکاری کە لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا بینیبێتم، ئەوەیە کە بەسەر ئیسرائیلدا هاتووە، پێشتر بەهێزترین لۆبییان لە واشنتۆن هەبوو." سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی ئەمریکاش هۆشداری دا و وتی، ئەگەر ڕێگە بە پارتی بەرامبەر بدرێت لە هەڵبژاردنی نیوەییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوا وڵات دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی "جیهادییەکان"ەوە.

134 جار خوێندراوەتەوە