هۆشداری لە کورتهێنانی دارایی و مەترسییەکانی سەر مووچە دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
11:39 - 05/08/2026
ئابوری
+
-

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەنگاو دەنێت بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە هەفتەی داهاتوودا، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی دارایی و دەستەبەرکردنی مووچە. ئەمەش لە کاتێکدایە وەزیری دارایی داوای کردووە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ خستنەڕووی تێڕوانینێکی ڕوونی حکومەت لەسەر واقیعی دارایی وڵات، لە سایەی زیادبوونی مەترسییەکانی کاریگەریی دۆخی ناوچەکە لەسەر سەقامگیریی ئابووری و توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە.

 

ثائیر کەعبی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، 148 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە و داواکارییەکی فەرمییان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە بۆ گرێدانی دانیشتنێکی نائاسایی. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە تەنها بۆ باسکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە نییە، بەڵکو قەیرانی مووچە و دۆخی دارایی بە گشتی تاوتوێ دەکات و پەرلەمانیش ئامادەیە بۆ دەرکردنی هەر یاسایەک کە حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە پێویستی پێیەتی. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئامادەبوونی وەزیری دارایی، کۆتاییهێنانە بە لێدوانە دژبەیەکەکان و خستنەڕووی واقیعی داهات و خەرجییەکانە، بە گرنگیشی زانی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت و پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێندرێنەوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشوو ڕەخنەی لەوە گرت کە زیاتر لە 80٪ی خەرجییەکانی دەوڵەت بۆ مووچە دەڕوات، ئاشکراشی کرد کە دەوڵەت ساڵانە نزیکەی 18 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی خانەنشینان خەرج دەکات، کە دەبوو لە ڕێگەی سندوقی خانەنشینییەوە دابین بکرایە نەک خەزێنەی گشتی. لە هەمان کاتدا، ڕیاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە کە کورتهێنانی دارایی لە عێراق ڕاستەقینەیە و مانگانە حکومەت پێویستی بە 7.8 ترلیۆن دینارە بۆ پێدانی مووچە. ناوبراو داوای کەمکردنەوەی خەرجییەکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و ڕێکخستنی سیستەمی دارایی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی کرد بۆ زیادکردنی داهاتەکان.

 

هاوکات پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە چارەسەری ئەم قەیرانە نابێت لەسەر شانی هاووڵاتییان بێت. زوحا سەدخان، ئەندامی پەرلەمان پێشنیازی کرد چارەسەرەکان بەسەر سێ قۆناغی (خێرا، مامناوەند، و ستراتیژی)دا دابەش بکرێن، بەبێ ئەوەی دەستکاری مووچەی فەرمانبەران بکرێت یان باجی نوێ بسەپێندرێت. هەروەها موفید سەعیدی، شیکەرەوەی سیاسی باسی لەوە کرد کە کێشەی سەرەکیی عێراق پشتبەستنی تەواوەتییە بە نەوت و پشتگوێخستنی کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە، کە پێویستی بە بڕیاری ئابووریی بوێر هەیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی مووچە لە داهاتوودا.

329 جار خوێندراوەتەوە