دەسەڵاتی
یاسادانان و جێبەجێکردن لە عێراق لە ململانێیەکی سەختدان لەگەڵ کاتدا بۆ
کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانێکی دارایی کە هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووریی وڵات دەکات،
ئەمەش لە سایەی ئاوسانی بودجەی تەرخانکراو بۆ مووچە، خانەنشینان و چاودێریی
کۆمەڵایەتی، هاوکات لەگەڵ هۆشدارییە فەرمییەکان لە فراوانبوونی کورتهێنانی دارایی
و لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پابەندبوونە گشتییەکان.
لە چوارچێوەی
هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییە داراییەکە، حەیدەر محەمەد کازمی
موتەیری، پەرلەمانتار، جەختی لە پێویستیی خێراکردنی پرۆسەی وردبینی بۆ ئەو
پێشینانە کردەوە کە نەگەڕێنراونەتەوە، لەگەڵ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان و
سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا بیانییەکاندا. لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەو
پەرلەمانتارە ئاماژەی بە گرنگیی پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی
کرد بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی سیستەمی
ئەلیکترۆنی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کردەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی داتاكان، ڕێگریکردن
لە دوو مووچەیی و کەمکردنەوەی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە هەمان
کاتدا، ڕیاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێکهێنانی
تیمێکی پەرلەمانیی بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەکانی کۆکردنەوەی داهات و
وەبەرهێنان ئاشکرا کرد، کە لە هەندێک لەو گرێبەستانەدا پشکی وەبەرهێنەر دەگاتە (75٪)ی
کۆی داهاتەکان. تەمیمی دووپاتیشی کردەوە کە مووچەی ساڵی (2026) بەتەواوی مسۆگەرە، و هەوڵەکانی ئێستاش بۆ
ئەوەن پێشوازی لە ساڵی (2027) بکرێت بە چارەسەری دارایی ڕاستەقینە، کە
پشت بە چاکسازیی دامەزراوەیی، زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و خۆبەدوورگرتن لە
قەرزکردن ببەستێت.
لەسەر ئاستی
حکومەتیش، د. مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی،
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پێشبینیکراوی کورتهێنانی دارایی بۆ نێوان (70 بۆ 80) ترلیۆن دینار خستەڕوو، کە ئەو بڕەش سەقفی
دیاریکراوی ناو بودجە (64 ترلیۆن دینار) تێدەپەڕێنێت. ڕوونیشیکردەوە
کە هۆکارەکە بۆ دوو پاڵنەری سەرەکی دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان دابەزینی نرخی نەوتە بۆ
خوار نرخی خەمڵێنراوی ناو بودجە (60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک)، دووەمیشیان
کەمبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوتە بە ڕێژەی (90٪) لە شەش مانگی ڕابردوودا، بەراورد بەو
ئاستانەی پێش هەڵگیرسانی قەیرانی جەنگی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز لە (28)ی
شوباتدا هەبوون.
لە درێژەی
قسەکانیدا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ئاڵەنگارییانە
وایانکردووە حکومەت ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە کارپێکردنەکان
و ڕێکخستنەوەی خشتەی زیاتر لە (1800) پڕۆژەی تەواونەکراو، بە مەبەستی پێدانی
ئەولەوییەت بە تەواوکردنی پڕۆژە گرنگەکانی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و ئاو.
هەروەها ئاشکرای کرد کە ئامانجی حکومەت ئەوەیە لە دە ساڵی داهاتوودا ڕێژەی داهاتە
نانەوتییەکان لە (16٪)ی ئێستاوە بۆ (45 بۆ 46٪) بەرز بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی
سیستەمێکی یەکگرتووی باج و کاراکردنی سیستەمی گومرگی (ئەسیکودا)، هاوتەریب لەگەڵ
بووژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازیی گۆڕین، گواستنەوە و گەشتوگوزاری
ئایینی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و بنیاتنانی ئابوورییەکی
سەقامگیرتر.
329 جار خوێندراوەتەوە