شارەزایەکی
ئابووری ڕایدەگەیەنێت، عێراق چووەتە قۆناغی "باجدان" بەهۆی کەڵەکەبوونی
هەڵەکانی بەڕێوەبردن، گەندەڵی و شکستەکان بۆ زیاتر لە دوو دەیە، ئاماژە بەوەش
دەکات کە ئەم قەیرانەی ئێستا دەرئەنجامی سیاسەتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان و
پەرلەمان و دەزگاکانی چاودێرییە.
زیاد هاشمی،
شارەزای ئابووری ڕایگەیاند، زیان و شکستە دارایی و کارگێڕییەکان لە ساڵانی
ڕابردوودا بەبێ هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە کەڵەکە بوون. ناوبراو هێزە سیاسییەکانی
بە سەرقاڵبوون بە "دابەشکردنی دەستکەوتەکان" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند،
لایەنە چاودێری و یاسادانانەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ لێپرسینەوە و
چاکسازی کەمتەرخەم بوون یان شکستیان هێناوە.
ئەو شارەزایە
پێیوایە، بەرپرسیارێتییەکە تەنها دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتەکان نا، بەڵکو پەرلەمانیش
دەگرێتەوە کە بودجەی زەبەلاحی پەسەندکردووە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی بە لۆژیکی
پشکپشکێنە (موحاسەسە) مامەڵەیان لەگەڵ دەوڵەتدا کردووە. جەختیشیکردەوە، عێراق
ڕووبەڕووی قەیرانێکی کاتیی نەختینە نەبووەتەوە، بەڵکو باجی سیستەمێکی ئابووری و
سیاسی دەدات کە پشتی بە پشکپشکێنە، گەندەڵی و کڕینی لایەنگری بەستووە، بە جۆرێک
ئەو دەرفەتانەی لە ساڵانی زۆریی داهاتدا هەبوون بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی هەمەچەشن
و بەهێز نەقۆزراونەتەوە.
لە کۆتاییشدا
هاشمی هۆشداری دا کە بەردەوامبوون لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی قەرزکردن
یان دواخستنی شایستە داراییەکان بەبێ ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی، دەبێتە هۆی
درێژەکێشانی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و تێچووی ئەو هەڵانەش دەکەوێتە سەر شانی
هاووڵاتییان. ئەمەش لە کاتێکدایە بەردەوام داواکاریی شارەزایان هەیە بۆ ئەنجامدانی
چاکسازیی دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
271 جار خوێندراوەتەوە