جورف سەخر بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی ئامادەدەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:31 - 22/11/2026
عێراق
+
-

هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێکارەکانی بڵاوەپێکردنەوە و ئاڵوگۆڕی یەکە سەربازییەکان لە ناوچەی جورف سەخر تەواو دەکەن، بە ئامانجی پتەوکردنی کۆنترۆڵ و پاراستنی ژێرخان. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی حکومی و دادوەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت، کە تێیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف دەرچووە.

 

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دوای کردنەوەی بارەگای سەرپەرشتیار، یەکەکانی سوپا و پۆلیسی وزە بڵاوەپێکردنیان لە کەرتەکانی بەرپرسیارێتییان لە جورف سەخر تەواو کردووە و ئاڵوگۆڕی هێزەکان بە ڕێکوپێکی بەردەوامە.

 

نوعمان ئاماژەی بەوەش دا، فەوجی پاراستنی پۆلیسی وزە بۆ دابینکردنی ئاسایشی بۆرییە نەوتییەکان جێگیر بووە، هاوشانی لیوای 38ی سوپا و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەژێر یەک فەرماندەییدا. جەختی کردەوە، سنووری ئەرکەکان تەواوی جەرف نەسر و دەوروبەرە بیابانییەکەی دەگرێتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ کردنەوەی ڕێگاکان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و گەڕانەوەی دانیشتووان.

 

لە لایەکی دیکەوە، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە، بارەگای سەرپەرشتیار لە جورف سەخر بۆ کردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی دانراوە و لە بودجەی ساڵی 2027دا گرنگیی تایبەتی پێ دەدرێت. باسی لەوەش کرد، پاراستنی هێڵە نەوتییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە.

 

عەبودی ڕوونی کردەوە، دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردن ڕاسپێردراون و ڕاپۆرتەکانیش بەرز کراونەتەوە بۆ سەرۆکوەزیران و دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا کراوە. وتیشی، دەستگیرکردنی کەسایەتییە تێوەگلاوەکان بەدوور نازانرێت و دادوەری دەگاتە هەر کەسێک ناوی لە لێکۆڵینەوەکاندا بێت.

 

هاوکات ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پشکنینی مەیدانی بۆ شوێنی زێدەڕۆییکردنە سەر بۆرییەکی نەوت لە پارێزگای نەجەف کردووە، کە دەکەوێتە ناو زەویی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا (سەرۆکی لیژنەی وزە) و براکەی. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بوونی بەقاچاخبردنی نەوتیان لە ڕێگەی بۆرییەکەوە سەلماندووە.

 

بەپێی بەیاننامەکە، پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە لەسەر دۆسیەکە ڕاگیراون و دوو فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا و براکەی دەرکراون، کە پێشتر خەندەقێکیان بە دەوری زەوییەکەدا هەڵکەندبوو تا ڕێگری لە چوونەژوورەوە بکەن. دادوەری جەختی کردەوە، بەدواداچوون بۆ گومانی چالاکیی نایاسایی دیکە، لەوانە بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان، بەردەوامە بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی و دارایی گشتی.

77 جار خوێندراوەتەوە