وەزارەتی
بازرگانیی عێراق، کاراکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پسوولەی خۆراکی لەڕێگەی
ئەپڵیکەیشنی (پسوولەی ئەلیکترۆنی)یەوە ڕاگەیاند، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ
سەردانیکردنی فەرمانگەکان، کارەکانیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی ڕایی بکەن.
وەزارەتی
بازرگانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوایین خزمەتگوزاری کە لە
ئەپڵیکەیشنەکەدا زیاد کراوە بریتییە لە خزمەتگوزاریی گواستنەوە، کە سەرجەم
پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە، پێشتر
بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیاکانی دابینکاری
خزمەتگوزارییەکەوە، کارکردنی ئەو بەشە بەشێوەیەکی کاتی وەستابوو، بەڵام لە ئێستادا
کێشەکە چارەسەر کراوە و بەتەواوی کارایە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیژنەیەکی وەزاریی تایبەتمەند پێکهێنراوە
بەمەبەستی بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارانەی کە بەهۆی کێشەی تەکنیکی و
پەستانی زۆر لەسەر سیستەمی کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە کاتی مامەڵەکردندا
لە هەندێک لە هاووڵاتییان بڕدراون، ئەمەش لەپێناو پاراستنی مافی هاووڵاتییان و
گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانیان.
548 جار خوێندراوەتەوە