بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل سزای زیندانیکردن بەسەر محەمەد کەربولیدا سەپێندرا

KNN : Kurdish News Network
01:24 - 16/07/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، سزای زیندانیکردنی توندیان بەسەر محەمەد کەربولی، ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا سەپاندووە، بەهۆی تێوەگلانی لە وەرگرتنی بەرتیل و دەستوەردان لە کارووباری گشتیدا.

 

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی توند و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بەسەر ئەو پەرلەمانتارەدا سەپاندووە. هۆکاری سزادانەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەربولی بڕی (50) هەزار دۆلاری وەک بەرتیل داواکردووە بۆ داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کەسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کەرخی یەکەم و هێشتنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و سەلمێنراوەکان، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بەڵگەکانی بەردەستیان تەواو و قایلکەرن بۆ سزادانی تۆمەتبارەکە، هەر بۆیەش بەپێی بڕیاری ژمارە (160)ی ساڵی (1983)، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە داوە و سزاکەی بەسەردا سەپاندووە.

172 جار خوێندراوەتەوە