دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی رسومات و تێچووی خزمەتگوزارییە کارگێڕی و تەکنیکییەکان لەکاتی پێشکەشکردن بۆ تیروپشکی ئەلیکترۆنیی حەج، هاوکات بڕیاریشیدا ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی پێشتر پارەیان داوە.
دەستەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرە، لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتییان و ئاسانکاریکردن لە پرۆسەی خۆتۆمارکردندا، بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی مەرجی پێدانی رسوماتی خزمەتگوزاری لە پرۆسەی تیروپشکەکەدا. ئەوەشی خستەڕوو کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە تەکنیکییەکان، وەرگرتنی ئەو رسوماتە بەتەواوی ڕادەگیرێت.
سەبارەت بەو کەسانەی پێشتر مامەڵەیان کردووە، دەستەی حەج و عومرە ڕوونیکردووەتەوە کە تەواوی ئەو بڕە پارەیەی لە کاتی خۆتۆمارکردندا لێیان وەرگیراوە، بەشێوەی ئەلیکترۆنی و بەبێ پێویستبوون بە سەردانیکردنی فەرمانگەکانی دەستەکە، بۆیان دەگێڕدرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی حەج جەختی لە مەرج و ڕێنماییەکانی تیروپشکەکە کردووەتەوە و هۆشداری داوە لەوەی ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستبەرداربوونێک (تەنازولکردن) لە نێوان براوەکانی تیروپشکەکەدا نادرێت.
هەروەها داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئاگاداری ئەو پەیجە ساختانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بن کە بانگەشەی کڕین و فرۆشتنی مافی حەجکردن دەکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کۆمپانیا و لایەنانە دەگرنەبەر.
857 جار خوێندراوەتەوە