مەزهەر محەمەد
ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، واژۆکردنی 48
ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن هەنگاوێکی گرنگە بۆ کرانەوەی ئابووری، و
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم لێکتێگەیشتنانە خواست و ئاراستەی عێراق بۆ ڕاکێشانی
وەبەرهێنانی بیانی نیشان دەدەن.
لە لێدوانێکدا
بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی، مەزهەر محەمەد ساڵح وتی: "واژۆکردنی 48
ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕاگەیاندنی هاوبەشی لەنێوان عێراق و ئەمریکا
هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێڕەوی کرانەوەی ئابووری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی
وەبەرهێنان، بەڵام کاریگەریی ڕاستەقینەی ئەم ڕێککەوتنانە پشتدەبەستێت بە ئاستی
گۆڕینیان لە بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتنەوە بۆ پڕۆژەی کرداریی و جێبەجێکراو."
ئاماژەی
بەوەشکرد، ئەم یاداشتانە پەیامێکی ئەرێنی دەدەنە وەبەرهێنەران و بازاڕەکانی جیهان
کە ژینگەی وەبەرهێنانی عێراق بەرەو سەقامگیری و کرانەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت.
ڕوونیشیکردەوە، هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بازاڕی عێراق بەشدار
دەبێت لە گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و شارەزایی، ڕەخساندنی هەلی کار، و کەمکردنەوەی
پشتبەستن بە داهاتی نەوت لەڕێگەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، پیشەسازی، ژێرخان،
و پەیوەندییەکان.
ڕاوێژکارەکەی
سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە، متمانەی نێودەوڵەتی جێگیر نابێت ئەگەر چاکسازی
ڕاستەقینە لە ژینگەی وەبەرهێناندا نەکرێت، کە خۆی لە ئاسانکاری کارگێڕی، شەفافیەت،
پاراستنی وەبەرهێنەران، و دابینکردنی سەقامگیریی یاسایی و ئەمنیدا دەبینێتەوە.
لە بەشێکی تری
قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پرسی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و پێیوابوو کە
ئەمە ئاراستەیەکی ئابووریی مۆدێرنە. کەرتی گشتی خاوەنی زەوی، ژێرخان و یاسایە،
کەرتی تایبەتیش خاوەنی توانای دارایی، شارەزایی کارگێڕی و تەکنەلۆجیایە، بە
یەکگرتنیان دەتوانرێت پڕۆژەی گەورە لە بوارەکانی کارەبا، نیشتەجێبوون و
گواستنەوەدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر
شان و بەرۆکی دەوڵەت و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان.
97 جار خوێندراوەتەوە