جێگری سەرۆکی
ئەمریکا لە لێدوانێکی بێپێشینەدا ڕەخنەی توند لە ئیسرائیل دەگرێت و هەندێک لایەنی
ئەو وڵاتە بە هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی شەڕی ئێران تۆمەتبار دەکات، هاوکات جەخت
لەوەش دەکاتەوە کە سەردەمی دەستوەردانی سەربازی بۆ گۆڕینی ڕژێمەکان کۆتایی هاتووە
و ئەمریکا هێزی زەمینی نانێرێتە تاران.
جەی دی ڤانس،
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی پۆدکاستی (The Joe Rogan Experience) ڕایگەیاند، کەسانێک لە ناو سیستمی سیاسیی
ئیسرائیلدا هەن دەیانەوێت ڕای گشتیی ئەمریکا بەلاڕێدا ببەن بۆ ئەوەی واشنتۆن لە
پرۆسەی ئاشتی و ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دووربخەنەوە. ئاشکراشی کرد کە هەڵمەتێکی
نهێنی لەلایەن هەندێک لایەنی ئیسرائیلییەوە پارەدار دەکرێت بۆ تێکدانی ئەو
لێکتێگەیشتنانەی ئیدارەکەیان لەگەڵ تاران دەستیپێکردووە. لە وەڵامی ئەو هێرشانەش
کە لەلایەن ڕەخنەگرانی ئیسرائیلییەوە دەکرێتە سەری، ڤانس بە توندی وتی:
"پەیامی من بۆ ئەوان ئەوەیە: بڕۆن بۆ دۆزەخ، من تەنها نوێنەرایەتی گەلی
ئەمریکا دەکەم."
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، ڤانس دووپاتی کردەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە پێش هەموو
شتێکەوەیە و ئیسرائیلیش تەنها هاوپەیمانێکە هاوشێوەی فەڕەنسا و بەریتانیا.
هۆشداریشی دا کە ئیسرائیل متمانەی ڕای گشتیی لە ناوخۆی ئەمریکادا لەدەست داوە و
دۆڕاوە، وەبیریشی هێنانەوە کە دوو لەسەر سێی چەکە بەرگرییەکانی ئیسرائیل بە پارەی
باجدەرانی ئەمریکی دروست کراون. ئەم لێدوانانەش لە ناوەندە سیاسییەکاندا وەک
گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و دەرکەوتنی درزێکی قووڵ لە نێوان
واشنتۆن و تەلئەبیب لێکدەدرێتەوە.
سەبارەت بە
پرسی ئێران، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دژایەتیی توندی خۆی بۆ دەستێوەردانی سەربازی و
پرۆسەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە 150 هەزار سەربازی
زەمینی نانێرین بۆ ئێران بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕژێمەکە، ئێمە کاری گەلی ئێران
ناکەین، گۆڕینی دەسەڵات تەنها بڕیار و ویستی ناوخۆیی گەلی خۆیانە." هۆشداریشی
دا کە هەر جۆرە هێرشێکی بەرفراوان یان هەوڵێک بۆ ڕووخاندنی کتوپڕی دەسەڵاتی ئێران،
دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورەی کۆچبەران و شەپۆلێکی نوێی تیرۆر، ڕێک وەک
ئەوەی لە سووریا و لیبیا ڕوویدا.
لە کۆتاییشدا،
ڤانس مەترسییەکانی شەڕی هەمەلایەنەی لەگەڵ ئێران خستەڕوو، بەتایبەت داخستنی گەرووی
هورمز کە تاران دەتوانێت لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزانەوە چارەکێکی وزەی
جیهان پەکبخات و زیانی گەورە بە هاووڵاتیانی ئەمریکی بگەیەنێت. ئامانجی سەرەکیی
واشنتۆنیشی لە دوو خاڵدا کورتکردەوە؛ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی
ئەتۆمی و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ئاسایشی گواستنەوەی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا لە
ڕێگەی دیپلۆماسی و فشاری پێویستەوە.
416 جار خوێندراوەتەوە